ئاب 24, 2020 11:00 Asia/Tehran
  • عێراق به‌نیازه‌ تا ساڵی 2025 به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بگه‌یه‌نێته‌ حه‌وت ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه‌

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشکرایکرد، تا ساڵی 2025 ده‌توانرێت، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ وڵاته‌که‌ بگه‌یه‌نرێته‌ حه‌وت ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه‌.

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عێراق به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقییه‌ی ڕاگه‌یاند، “پێشبینی ده‌که‌ین تا کۆتایی ساڵی 2023 کۆتایی به‌ هاورده‌کردنی به‌نزین بێنین و پشت به‌ به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ ببه‌ستین، هه‌روه‌ها تا ساڵی 2025یش کۆتایی به‌ سوتاندنی گازی سروشتی ده‌هێنین له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان”.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌شی ئاشکراکردووه‌، “له‌ئێستادا توانای به‌ر‌هه‌مهێنانی نه‌وت له‌ عێراق بریتییه‌ له‌ پێنج ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه‌، به‌ڵام ده‌توانرێت ئه‌و ڕێژه‌یه‌ تا ساڵی 2025 بگه‌یه‌نرێته‌ حه‌وت ملیۆن به‌رمیل”.

له‌باره‌ی پێویستییه‌کانی جیهان بۆ نه‌وت له‌ ساڵانی داهاتودا، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌، هه‌وڵه‌کان به‌و ئاڕاسته‌یه‌‌ن له‌دوای ساڵی 2030ه‌وه‌ جیهان ڕو له‌ وزه‌ی جێگره‌وه‌ و خاوێن بکات و پشت به‌و وزه‌یه‌ ببه‌‌ستێت نه‌ک نه‌وت.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنان له‌بواری گازی سروشتیدا، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشکرایکردووه‌، ”جگه‌ له‌ پرۆژه‌ی ئه‌رتاوی له‌ پارێزگای به‌سڕه، ‌80%ی پرۆژه‌کانی گاز له‌ به‌جێگه‌یاندندان، به‌ڵام له‌ ساڵی 2025دا له‌ هیچ کێڵگه‌یه‌کی نه‌وت گڕی گازی سروشتی نابینرێت و ئه‌و به‌هه‌ده‌ردانه‌ کۆتایی دێت”.

عێراق توانیویه‌تی پارێزگاری له‌ پێگه‌ی خۆی بکات وه‌ک دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنی نه‌وت له‌ ڕێکخراوی ئۆپیک، گرێبه‌ستێکیشی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئه‌مریکی واژوو کردووه‌، به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی زیاتری عێراق له‌ڕوی وزه‌وه‌.

 

سەرپەیڤ