ئاب 30, 2020 11:44 Asia/Tehran
  • داعش هێرشەکانی لە سنووری خانەقین چڕ کردووەتەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی شێرک ئاشکرای کرد هێرشە چڕ و بەردەوامەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەی شێرک-ی ڕۆژاوای قەزای خانەقین ی پارێزگای دیالە بەردەوامن.

 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەواد داوودی ئەندامی ئەنجومەنی گوندی شێرک، بەدەنگی ئەمەریکای وتووە "داعش دەیەوێت ئەو گوندانە بە دانیشتوانەکانیان چۆڵ بکات، تا لەوێوە بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن، لەحەمرینەوە بۆ خانەقین بپەڕنەوە."

لەماوەی چەند شەوی ڕابردوودا، داعش چەندین هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی شێرک، لە هێرشێکیاندا، دوو بارهەڵگریان سووتاند و چوار کەسیان گولە باران کرد، لە هێرشێکی تردا کە شەوی ڕابردوو ئەنجامیان دا، دوو چەکداری حەشدی شەعبیان کوشت و سێ سەربازی عێراقیان بریندار کرد.

چڕکردنەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شێرک، بۆ چەندین هۆکار دەگێڕدرێتەوە، جگە لە لەباری ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان، هاوکات لەو ناوچەیەوە بەئاسانی دەستیان دەگاتە بازاڕی گوندی قەڵا بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان، کە بە وتەی بەرپرسانی ئەمنی لەو بازاڕە بە ئاسانی پێداویستیەکانیان دەست دەکەوێت.

هەروەها بەشەوان ناوچەی شێرک، کراوەتە ڕێگەیێکی بازرگانی قاچاخ لەنێوان هەرێم و پارێزگای دیالەدا، بارهەڵگرەکان بڕێک پارە دەدەنە هێزە عێراقی و هەندێک لە دەسەڵاتدارە کوردەکان و بارەکانیان بەو ڕێگەیەدا دەپەڕێننەوە، داعش چەند شەوێک لەمەوبەر لەسەر ئەو ڕێگەیە، دوو شۆفێری بارهەڵگری کوشت و بارهەڵگرەکانیشی سووتاندن.

عەقید شەماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ، لەمبارەوە دەڵێت "شەوان هەندێک لە بارهەڵگرەکان، بە بازگەکانی خانەقین دا ناڕۆن، بەڵکوو بەڕێگەی شێرک دا ، هاتووچۆ دەکەن."

چڕبوونەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شێرک، لەکاتێکدایە ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە کوردیشن، بەڵام لە شەوان دا، هەموو جۆرە جووڵەیێک دەوەستێت، هێزە عێراقیەکانیش لە بارەگاکانیان دەرناچن.

ناوچەی شێرک، دەکەوێتە نێوان قەزای خانەقین، ناحیەکانی جەلەولا و کوڵەجۆوە، ناوچەکە لە ژمارەیەک گوند پێکهاتووە، هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکانیشی تێدایە، بەڵام چڕی دارستانەکانی و زۆری دۆڵ و شیوەکانی، یارمەتیدەرێکی باشی چەکدارانی داعشە بۆ ئەنجام دانی هێرشەکانیان.

سەرپەیڤ