نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی پێکەوە دیدارو وتووێژیان کرد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەیاوەری جێگرانی سەرۆکی ھەرێم، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغداو لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی، لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
میدیاکانی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە،لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دۆخی سیاسی و ئاسایشتیی عێراق، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بەتایبەتی لە بواری ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی، بەردەوامیی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوون، هەردووک لا جەختیان لە گرنگی و پێویستیی کاری پێکەوەیی و هاوبەشیی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردەوەو کۆک بوونی خۆیانیان لەسەر گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و دڵنیابوون لە نەهێشتنی داعش ڕاگەیاند.
سەبارەت بە کێشەکانی هەولێر ـ بەغداش، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی داکۆکییان لە بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیری یەکجاری بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و هاوکاریی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردەوە.
کازمی ئاماژەی بە گرنگی بنیاتانەوەی متمانە کردەوە و ڕایگەیاند، پێشتر لە بابەتی مامەڵەمەکردن لەگەڵ کێشەکان کەموکوڕی هەبووەو هیوای خواست هەردوولا بتوانن بە تێڕوانینێکی تازەی هاوبەش هەنگاو بۆ چارەسەری بنێن.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانییش دووپاتی کردەوە کە چارەسەرکردنی بنچینەیی و یەکجاریی کێشەکان لە بەرژوەندیی تەواوی عێراقدایە و سەقامگیری بۆ وڵات دەگەڕێنێتەوە.
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پاراستنی سنوورەکان و سەروەریی عێراق، سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ عێراق و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیروان بارزانی و مستەفا کازمی بوو.