مەکرۆن:سوربووم سەردانی بەغدا بکەم بۆ ئەوەی جەخت لە دۆستایەتیی نێوان هەردوو وڵات بکەمەوە
ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: سوربووم سەردانی بەغدا بکەم بۆ ئەوەی جەخت لە دۆستایەتیی نێوان هەردوو وڵات بکەمەوە.
«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عیراق و ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەیان، لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا باسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد لەسەرجەم بوارەکاندا.
«مستەفا کازمی» رایگەیاند: فەرەنسا لەپرۆژەکانی موسڵ و شەنگال هاوکاری باشی کردووین و سوپاسیان دەکەین بۆ هاوکارییەکانیان، بەتایبەت گەڕاندنەوەی کلتورو شوێنەوارەکانی ئەو ناوچانەی کە داعش وێرانی کردوون.
ناوبراو وتیشی: جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هاوکاریی یەکتر بکەین لەبوارەکانی ئابوری و بازرگانی و وزە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان لەبەردەم کۆمپانیا فەرەنسیەکان ھەتا وەبەرهێنان بکەن لەوڵاتەکەمان و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.
لەبارەی پاراستنی سەروەریی خاکی عیراقیش سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی داگرت: لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا باسی بەرنامەی حکومەتمان کرد بۆ پاراستنی سەروەری عیراق و سوپاسی فەرەنسا دەکەین بۆ هەڵوێستیان لەسەر پاراستنی سەروەریی عیراق، جەختمان لەوەش کردووەتەوە کە سەروەریی خاکی عیراق هێڵی سورەو دەبێت بیپارێزین و عیراق کاردەکات بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.
لای خۆشیەوە ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا رایگەیاند: سوربووم سەردانی بەغدا بکەم بۆ ئەوەی جەخت لە دۆستایەتیی نێوان هەردوو وڵات بکەمەوە.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕوو لە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشی داگرت: بە دڵنیاییەوە پاڵپشتیمان بۆ ئێوەو بۆ سەروەریی خاکی عیراق و بەردەوامیدان بەجێگیرکردنی دیموکراسی لەعیراق لەڕێی هەماهەنگییەوە مسۆگەر دەبێت.
ناوبراو ئەوەشی وت کە: لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و پەرەپێدانی و پەیوەندییەکانمان لەڕووی سەربازی، هەروەها جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی بۆ عیراق گرنگن، بەتایبەت هێڵی شەمەندەفەری بەغداو پرۆژەی وزە کرایەوەو ئەو دەستەبەرەشمان دا کە فەرەنسا ئامادەیە هاوکاریی عیراق بکات بۆ دابینکردنی سەرچاوەی وزە، پابەندیشین بەهاوکاریکردنی عیراق لەبواری پەروەردە زانست و تەکنەلۆژیا و هاوکاریکردنی زانکۆی موسڵ و پشتگری کردن لە ئێزدییەکان و بە تایبەت لە ناوچەی شەنگال .
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی شەڕی داعشیشەوە رایگەیاند: پابەندین بەشەڕی داعشەوە و بەردەوام کردنی و ئەمەش بەڕێککەوتن و لەچوارچێوەی پەیوەندییەکانمان مسۆگەردەبێت لە ئاراستەی پاراستنی سەروەریی عیراق وەک دۆسیەیەکی ھەرە گرینگ.