سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان دەکەن
https://kurdish.sahartv.ir/news/عێراق-i386077-سەرۆککۆمار_و_سەرۆکی_پەرلەمانی_عێراق_داوای_پەسەندکردنی_یاسای_هەڵبژاردنەکان_دەکەن
بەرهەم ساڵح دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراق‌ بە گرنگ دەزانێت، داوا دەکات یاسای هەڵبژاردنەکان پەسەند بکرێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 05, 2020 18:30 Asia/Tehran
  • سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان دەکەن

بەرهەم ساڵح دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراق‌ بە گرنگ دەزانێت، داوا دەکات یاسای هەڵبژاردنەکان پەسەند بکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاندووە، پێشوازی دەکات لە دەستپێکردنی وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراق و داواش دەکات پرۆژەیاسا گرنگەکان گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و پەسەندبکرێن.

سەرۆککۆماری عێراق ئەوەشی خستوەپتەڕوو، "قۆناغی ئێستا ڕوبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بوەتەوە، بۆیە گرنگە کە بەرەوپێشچوون هەبێت بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاساکان، بەتایبەتی تەواوکردن و پەسەندکردنی پرۆژەی یاسای هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک زامنی پاک و بێگەردی ھەڵبژاردنەکان بکات، ھاوکات متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بگێرێتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لەسەر "گرنگی ڕۆڵی دامەزراوەی یاسادانان لە بەجێگەیاندنی داواکاری هاوڵاتییان لەڕووی بژێوی ژیان و ئەمنی و تەندروستی و دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست بۆ سنوردارکردنی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و ئابوری وڵات".

لەلایەکی دیکەوە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، "پێویستە هەموان هەست بە بەرپرسیایەتی بکەن بۆ تێپەڕاندنی یاساکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کە لەبارەی دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمان بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو ئەندامانەی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن بریتییە لە 210 ئەندام.

لە دانیشتنی ئەمڕۆشدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئەنجومەنی وەزیر و وەزارەتەکان کرا، هەروەها کۆتایی بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای دادگای باڵای ناوەندی هێنرا.