ڕاوێژکاری کازمی مەرجی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردن ئاشکرادەکات
عەبدلحسێن هنداوی، ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت چاودێریکردنی هەڵبژاردن لەلایەن ڕێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە، سەروەریی عێراق بپارێزێت.
هنداوی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی حکومەتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پێویستە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، کاریگەر بێت و تەنها بەشدارییەکی نێودەوڵەتی نەبێت.
بە گوتەی عەبدلحسێن هنداوی، "هیچ ناکۆکییەک لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا نییە لەبارەی وادەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن پێویستی بە دابینکردنی هەلومەرجە بنەڕەتییەکانە، لە پێش هەمووشیانەوە یەکلاییکردنەوە و پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان."
ماوەیەکە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانی عێراقە و بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە هەندێک بڕگەیەوە، لەوانە بازنەکانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پرۆژەیاساکە پەسەند نەکراوە.