کازمی : 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق کشاونەتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق کشاندوەتەوە.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، "رێککەوتن کرا لەسەر دوبارە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دەرچون لە بنکە سەربازییەکان لە عێراق، لەوکاتەشەوە دو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەر لە گەشتەکەی بۆ واشنتن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆبوەتەوە، هەندێکیان داوایان لێکردوە لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەماوەی هەشت ساڵدا دانوستانیان لەگەڵدا بکات، "من دانوستاندنم لەگەڵدا کردن و توانیمان سێ ساڵ بەدەستبهێنین".
کازمی باسی لەوەشکردوە، "لە ساڵی 2014دا، ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە بنکە سەربازییەکانی عێراق جێگیرکرد".
لەبارەی هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئه‌مریکامان پێنه‌گەیشتوە سه‌باره‌ت به داخستنی باڵیۆزخانه‌که‌ی له عێراق و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیش له‌هیچ وڵاتێک قبوڵ ناکه‌ین، به‌ڵام ئه‌مریکا نیگه‌رانی پێگه‌یاندوین له‌به‌رامبه‌ر پاراستنی باڵیۆزخانه و داموده‌زگاکانیان".
لەبارەی کابینەکەشیەوە کازمی وتی، "ئیدارەیەکی شکستخواردوم وەرگرتوە، هیچ دەوڵەتێک نییە ته‌نها پشت به نه‌وت ببه‌ستێت، ئێستا کار لەسەر وەرەقەکی چاکسازی دەکەین و پلانی ئاشتکردنەوە و چارەسەر دەبێت و لەماوەی داهاتو بۆ باشکردنی دۆخی دارایی ڕادەگەیەنرێت، حکومه‌تی ئێستاش حکومه‌تی چاره‌سه‌ره نه‌ک قه‌یران".