تشرینی یه‌که‌م 10, 2020 08:03 Asia/Tehran
  • پێشوازیی رێکخراوی نەتەوەکان لە ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق (یۆنامی) پێشوازی لەرێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدڕاڵ دەکات سەبارەت بەپرسی قەزای شەنگال لەپارێزگای نەینەوا دەکات و بەیەکەم هەنگاوی گرنگی دادەنێت بەرەو چارەسەرکردنی دۆخی قەزاکە.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق،  دوێنێ هەینی لەڕاگەیەنراوێکدا ، هیوای خواست رێککەوتنەکە رێگەخۆشکەر بێت بۆ هێنانەدی ئایندەیەکی باشتر  بۆ شەنگال.

سەبارەت بەم رێککەوتنە، جینین هینیس بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق، هیوای خواست رێککەوتنەکە  ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ‌ بۆ شەنگال و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی شەنگال لەڕیزی پێشەوەی رێککەوتنەکەدا بێت، و ئەم قۆناغە نوێیە هاوکار بێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ جێگەو شوێنی خۆیان و رەوتی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە خێراتر بکات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەو باشتر ببات، بلاسخارت هۆشداریشی دا کە بۆ جێبەجێکردنی ئەمانە قەزاکە پێویستی زۆری بە ئیدارەیەکی سەقامگیر و دامەزراوەی ئەمنی هەیە.

جینین پلاسخارت دووپاتیشی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لەسەر پشتگیریکردنی ئاسایکردنەوەی دۆخی قەزاکە، وتیشی: سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان و رۆژە ڕەشەکان، بەڵام خەڵکی شەنگال لەپێناو دروستکردنی ئاییندەیەکی باشتر بە مکووڕی و شێلگیری مانەوە. هیوخوازین ئەو ئاییندەیە هەر ئەمڕۆ دەستپێبکات.

سەرپەیڤ