تشرینی یه‌که‌م 11, 2020 21:14 Asia/Tehran
  • بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سەردانی تورکیا

باڵیۆزی تورکیا له‌ عێراق به‌فه‌رمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بانگهێشتی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌کات، ئه‌وه‌ش له‌دوای گرژییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان تورکیا و عێراق.

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌گه‌ڵ فاتیح یه‌ڵدز، باڵیۆزی تورکیا له‌ عێراق کۆبوه‌وه‌، له‌دیداره‌که‌دا په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ تاوتوێکرا و جه‌خت له‌ به‌هێزکردنی کرایه‌وه‌.

قاسم ئه‌عره‌جی به‌ باڵیۆزی تورکیای ڕاگه‌یاندووه‌، په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و عێراق گرنگن و ده‌بێت کار بۆئه‌وه‌ بکرێت سه‌رجه‌م به‌ربه‌سته‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌ڵبگیرێت.

له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی تورکیا له‌ عێراق به‌فه‌رمی مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی بانگهێشتی تورکیا کردووه‌ و داوایکردووه‌ له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌نجامبدرێت.

به‌هۆی له‌شکرکێشی تورکیا بۆنێو خاکی عێراق و به‌رده‌وامیی بۆردوومانه‌کان، په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ئاستێکی خراپدایه‌ و عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌داوای کشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ی تورکیا هێناویه‌تییه‌ خاکی عێراقه‌وه‌.

سەرپەیڤ