مانەوەی ھێزەکانی ئاڵمانیا لە عێراق درێژ دەکرێتەوە
تشرینی یهکهم 30, 2020 15:26 Asia/Tehran
دەوڵەتی عێراق ڕەزامەند بووە بە مانەوەی ھێزەکانی ئاڵمانیا بۆ مەشق پێکردن و ڕاھێنانی سوپای وڵاتەکەی.
پەرلەمانی ئەڵمانیا لەدانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەی خۆی دا ماوەی مانەوەو ڕاپەڕاندنی ئەرکی هێزەکانی لەعێراق بۆ ١٥ مانگی تر درێژکردەوە واتە ھەتا کانونی دووھەمی ساڵی٢٠٢٢ .
ھەڵبەت لە بڕیاری مانەوەی ھێزەکانی ئاڵمانیا لە عێراق مەرجێکیش دیاری کراوە ئەویش ئەوەیە کە ژمارەی ئەو لەشکریانەی کە دەمێننەوە لە ٥٠٠ کەس زیاتر نەبن و کاریشیان تەنیا ڕاھێنان و مەشق پێکردن بێت.
لە ئێستادا حکومەتی عێراقیش پشتگیری خۆی بۆ مانەوەی ئەو هێزەی ئەڵمانیا بەمەبەستی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی ڕاگەیاندووە.
پێشبینی دەکرێت مەشق و ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەداهاتودا ببێتە بەشێک لەئەرکەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی «ناتۆ» لەعێراق دا.