تشرینی دووه‌م 02, 2020 15:37 Asia/Tehran
  • بەغدا لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی لەگفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی رۆژی نیشتیمانی عیراق

وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عیراق رایگەیاند، لەگەڵ ماڵی سەرکردەی کۆچکردوو، مام جەلال لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی رۆژی نیشتیمانیی عیراق، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەروارەکە هاوتایە لەگەڵ رۆژی کۆچی دوایی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ و بنەماڵەکەشی لەگەڵ ئەوەدا ناکۆکن.

بە پێی ھەواڵێکی وێستگە نیوز ،  حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیریی عیراق بە رۆژنامەی سەباح-ی فەرمی عیراقی راگەیاند: "وەزاڕەتەکەمان بۆ دیاریکردنی رۆژی 3ی تشرینی یەکەم بە رۆژی نیشتیمانی عیراق هەوڵێکی زۆری داوە بۆ چەسپادنی ئەو رۆژە و تێپەڕاندنی لە پەرلەمانەوە".  وتیشی: "لەماوەی رابردوودا ئەو پڕۆژەیە رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری تا ببێتە رۆژێکی خۆش بۆ هەموو عیراقییەکان، بەڵام بەرواری رۆژەکە بووەهۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەهۆی هاوتایە لەگەڵ بەرواری کۆچی دوایی سەرکردەی کۆچکردوو و سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، مام جەلال تاڵەبانی".

 وەزیری ڕۆشنبیریی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی لە گفتوگۆداین تا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین".  

دیاریکردنی 3ی تشرینی یەکەم بە رۆژی نیشتیمانیی عیراق، بەهۆی ئەوەیە ئەو بەروارە هاوتایە لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان و ئازادبوونی عیراق لەساڵی 1932، به‌ڵام هاوکاتیشه‌ له‌گه‌ڵ کۆچی دوایی مام جه‌لال، له‌ 3ی تشرینی یه‌که‌م.

سەرپەیڤ