زیاتر لە 100 پەرلەمانتار داوادەکەن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەئەلیکترۆنی لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت
زیاتر لە 100 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆژەیاسایەکدا داوادەکەن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەئەلیکترۆنی و ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دابەشبکرێت و ئەوەش لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوودا بچەسپێندرێت.
ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانتارانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەوە واژۆکراوە و ئەو ئەرکی ڕێکخستن و کۆکردنەوەی گرتووەتە ئەستۆ.
وتیشی، “بەپێی پرۆژەکە دەمانەوێت دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە ئەلیکترۆنی و ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابەشبکرێت”.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە پشتیوانی زیاد لە پێویست بۆ پرۆژەکە هەیە و هەفتەی داهاتوو ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەن.
ئەوەشی دوپاتکردەوە کە دەیانەوێت دابەشکردنی ڕاستەخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا جێگەی بکەنەوە و بەمەش ببێتە یەکێک لە بڕگەکانی پڕۆژەی بودجە و لەڕێیەوە هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم بە جێبەجێکردنی ناچار بکەن.
ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیە لەکاتێکدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7 و 8)یش بەبڕیارێکی حکومەتی هەرێم ڕاگیرا.
لە بەرامبەردا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دابەشکردنی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی سەر بە حکومەتی ناوەند دەستیپێکردووە و بڕیارە هەر لەم مانگەدا موچەی دووەم وەربگرن.