لەپارێزگای سەڵاحەدین هێرشکرایەسەر هێزەکانی عێراق
ئێوارەی دوێنێ شەممە دوای ئەوەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکدا لە قەزای بێجی سەر بە پاریزگای سەڵاحەدین تەقیوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و روبەڕوی هێرشێکی چەکداری بوونەتەوە، بەوهۆیەش سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
شانەی قەیرانەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێک لە قەزای بێجی سەر بە پاریزگای سەڵاحەدیندا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون، دوای رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان گەیشتوەنەتە شوێنی روداوەکە.
ئەوەش هاتووە، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن چەکدارانی نەناسراو هێرشیانکراوەتەسەر و بەهۆیەوە ئەفسەرێک بەپلەئ عەقید و دوو پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کوژراون.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی نزیکەی دوو مانگە دۆخی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین ناجێگربووە و لەو ماوەیەدا سێ رووداوی کوشتنی بەکۆمەڵ روویانداوە کە کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی عێراق لێکەوتوەتەوە، بەرپرسانیش هۆکاری روداوەکان بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێننەوە.