تشرینی دووه‌م 25, 2020 02:28 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی عێراق لە مۆسکۆیە

«فۆئاد حسەین» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕۆژی سێ شەممە به‌ سه‌رۆکایه‌تی شاندێک ‌گەییشتە‌ مۆسکۆ و بڕیارە ئەمڕۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ کۆببێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «فۆئاد حسەین» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دوێنێ سێشەممە به‌ سه‌رۆکایه‌تی شاندێک به‌ره‌و روسیا وه‌ڕێ ‌که‌وت و ئەمڕۆ بڕیارە ژماره‌یه‌ک دیداری له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا و به‌رپرسانی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئەنجام بدات.

ئامانجی سه‌ره‌کی سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق تاوتوێکردنی په‌یوه‌ندییە دوو قۆڵیه‌کانی نێوان مۆسکۆ و به‌غدایه‌.

پێشتریش «ئه‌حمه‌د سه‌حاف»، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاندبوو، «فوئاد حسێن» به ‌سه‌رۆکایه‌تی شاندێک سه‌ردانی مۆسکۆ ده‌کات، سه‌ردانه‌که‌ش له‌چوارچێوه‌ی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانی نێوان به‌غدا و مۆسکۆ ده‌بێت، بۆ تاوتوێکردنی هه‌مو کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ وه‌ک به‌شێک لە هه‌نگاوه‌کانی عێراق بۆ راگرتنی هاوسه‌نگیی دیپلۆماسی.

ئەوەشی خستەڕو، گرنگترین ئامانجی سه‌ردانه‌که‌، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌کانی نێوان عێراق و روسیایه‌.هاوکات، «ماریا زاخارۆڤا» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیاش ڕایگه‌یاندووە، له‌٢٥ی ئه‌م مانگه‌، «سێرگێئی لاڤرۆف» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا چاوی به‌ هاوتا عێراقییه‌که‌ی ده‌که‌وێت و پێکەوە وتووێژ دەکەن.

سەرپەیڤ