کانونی دوھەم 31, 2021 17:45 Asia/Tehran
  • پشکی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق که‌مده‌بێته‌وه‌

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە پێشتر حکومەتی عێراق بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریی کردبوو ، کەمدەبێتەوە.

بە پێی ھەواڵێکی میدیای شارپرێس ،  ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند"قەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ـی عێراق لە زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکرایەوه‌، نرخی  مەزندەکراوی نەوتی خاو لە پرۆژەکەدا لە 42 دۆلارەوە بۆ 45 دۆلار زیادکرا، بەو هۆیەوە داهاتی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021 لە زیاتر لە 93 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادکرا".

 ده‌شڵێت "کورتهێنانی بودجەکە لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار کەمکرایەوە، بەڵام بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە پێشتر حکومەتی عێراق بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریی کردبوو، کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵیی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت، بەڵام بڕی بەشە بودجەکە هێشتا بە دینار دیاری نەکراوە".

 به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د سه‌فار "ئەو بابەتانەی ئێستا لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2021ـدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و دەبێت یەکلایی بکرێنەوە بریتین لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بەشە بودجەی پارێزگاکان، لەگەڵ ژمارەی پلەکانی دامەزراندن لە دەزگاکانی حکومەتدا".

سەرپەیڤ