بەرھەم ساڵح : عێراقی ئەمن بنەمای بەھێزکردنی سەقام و ئاسایشی ناوچەکەیە
سەرۆکی کۆماری عێراق جەختی کردەوە ، عێراقی ئەمن ، بنەمای سەقام و ئاسایشی ناوچەکەیە .
ئەمڕۆ دوشەممە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە نائیف فەلاح حەجرەف، ئەمینداری ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس گفتوگۆکرا.
بەرھەم ساڵح لەو دیدارەدا گوتی : ئەو ئاڵنگاریانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت بە تایبەتی کێشەی تیرۆر و دۆخی ئابوری ئاڵنگاری هاوبەشن، بۆیە پێویستە هەماهەنگی ھاوبەش ھەبێت بۆ بەگژاچونەوەی مەترسی تیرۆر و قەیرانی ئابوری لە رێگەی بەهێزکردنی دەرفەتی گەشەپێدانی ئابوری و خۆشگوزەرانی، بۆیە عێراقێکی ئارام و خاوەن پەیوەندی تەندروست لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ پتەوکردنی ئاسایش و ئارامی و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.
لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە سەرگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە تەواوی بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی گەلان بکات، ھاوکات دەرفەتی بونیادنان و خزمەتگوزاری و ئاشتی بەهێزتر بکات، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە هەنگاوەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس کرا بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنامەکان لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان.
لەلای خۆیەوە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارسیش سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد و جەختیکردوەتەوە لە پابەندبونی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایش و سەروەری عێراق و پشتیوانیکردنی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەنجومەن بەگرنگییەوە دەڕواننە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە تەواوی بوارەکاندا و کردنەوەی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش.