شوبات 27, 2021 17:22 Asia/Tehran
  • ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ڤاکسینه‌ چینیه‌که‌ ده‌گاته‌ عێراق به‌شى هه‌رێمیش ده‌درێت

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌که‌م کاروانى پێکوته‌ى کۆرۆنا ده‌گاته‌ شارى به‌غداو وته‌بێژى ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقیش ئاشکرایده‌کات، له‌م یه‌که‌م وه‌جبه‌ى پێکوته‌که‌دا به‌شى هه‌رێمى کوردستانیش ده‌درێت.

 

بە پێی هەواڵێکی شارپرێس، حه‌یده‌ر مه‌جید وته‌بێژى ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌لێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشکرایکرد، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌که‌م کاروانى پێکوته‌ى سینۆفارمى چینى ده‌گاته‌ شارى به‌غدا.

وتیشى:"ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌گات 50 هه‌زار ژه‌مه‌ پێکوته‌یه‌ که‌ ده‌گاته‌ به‌غداو به‌شى هه‌رێمى کوردستان‌و سه‌رجه‌م پارێزگاکانى عێراقیشى لێ ده‌درێت".

ئه‌وه‌شى ڕونکرده‌وه‌، "ئه‌وانه‌شى ته‌مه‌نیان له‌خوار 18 ساڵیه‌وه‌ن پێکوته‌که‌یان پێنادرێت".

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ ئه‌وه‌ش زانراوه‌، ئه‌و کۆمپانیاى سینۆفارمى چینى به‌عێراقى وتووه‌، ته‌حه‌مولى هیچ کاریگه‌ریه‌کى پێچه‌وانه‌ى ڤاکسینه‌که‌ ناکه‌ن‌و نابێت عێراق داواى قه‌ره‌بوو بکات.

ئه‌وه‌ش ڕونکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ڤاکسینه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌گات ته‌نها بۆ کۆڤید 19یه‌و هیچ کاریگه‌ریه‌کى له‌سه‌ر کۆرۆناى گۆڕاو نابێت.

گه‌یشتنى وه‌جبه‌ى یه‌که‌مى کۆرۆنا له‌کاتێکدایه‌، ته‌نها ئێواره‌ى دوێنێ 4336 که‌س له‌عێراق توشى کۆرۆنا بوون‌و تادێت ژماره‌که‌ش ڕوو له‌زیادبون ده‌کات.

سەرپەیڤ