ئادار 01, 2021 22:57 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعشی په‌سه‌ندکرد

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعشی بە‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران پەسەندکرد و یاساکەش رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە چاودێریکردن و دابینکردنی ژیانێکی باشتر و دووباره‌ تێکه‌ڵبونه‌وه‌ی کچان و ژنانی ئێزدی به‌کۆمه‌ڵگه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانیان.

 

بە پێی ھەواڵێکی میدیای وێستگەنیوز ، پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە کۆبووەوە و دەنگیدا لەسەر چەند برگە و پڕۆژەیاسایەک، یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانەش تایبەت بوو بە  قەرەبووکردنەوەی ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش، بەگوێرەی یاساکەش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی گشتی تایبه‌ت به‌سه‌رپه‌رشتی کاروباری ژنانی ئێزدی ئازادکراو دروستدەکرێت‌، که‌ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌ست بێت به‌ئه‌میندارییه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ و بنکه‌که‌ی له‌ پارێزگای موسڵ دەبێت، کاریشی بریتی دەبێت له‌ ئاماده‌کردنی داتا له‌سه‌ر ژنانی ئێزدی ئازادکراو  و چاودێریکردنیان و پێشکه‌شکردنی ھاریکاری پێویست و دابینکردنی ھه‌لی کار و خانووی گونجاو بۆ دووباره‌ نیشته‌جێکردنه‌وه‌یان.

له‌یاسه‌که‌دا ھاتووه،‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی کاروباری ژنانی ئێزدی ھه‌ڵده‌ستێت به‌دابینکردنی موچه‌ی مانگانه‌ بۆ ژنانی ئازادکراوی ئێزدی، که‌ نزیک بێت له‌موچه‌ی خانه‌نشینان، پارچه‌یه‌ک زه‌وی به‌بێ به‌رامبه‌ریان پێ دەبه‌خشرێت، هەروەها تاوانبارانی تاوانی رفاندن و به‌کۆیله‌کردنی ژنانی ئێزدی نابێت به‌ھیچ جۆرێک لێبوردنی گشتی و تایبه‌تی بیانگرێته‌وه‌ و به‌ھیچ شێوه‌یه‌ک نابێت له‌سزادان ببه‌خشرێن.

پڕۆژەیاساکە نیسانی ساڵی 2019 لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کراوە، ئامانجیش له‌م پڕۆژه‌یه‌ یاسایه‌، قه‌ربوکردنه‌وه‌ی مادی و مه‌عنه‌وی ژنانی ئازادکراو و سه‌رپه‌رشتیکردنیان و دابینکردنی ژیانێکی باشتر و دووباره‌ تێکه‌ڵبونه‌وه‌یان به‌کۆمه‌ڵگه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانیان بووە.

سەرپەیڤ