ھەوڵی کۆنگرەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار
یاسادانەرانی ئەمریکی لە پارتی دیموکرات دەڵێن، لە چەند هەفتەیەکدا کار لەسەر هەموارکردنی دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکەن کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە لایەن سەرۆکەکانی هەردوو حزب بۆ هێرشەکانی دەرەوەی وڵات بەکارهێنراوە.
گریگۆری میکس، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دەست بە وتوێژەکانیان دەکەن بۆ ڕەتکردنەوەی “دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی” کە هەمان ئەو دەسەڵاتە بوو کە بڕیاری جەنگ لە عێراقی پێدرا لە ساڵی 2003دا.
میکس، لە کۆنگرەیەکدا لەڕێی ڤیدیۆوە لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی دیموکراتەکان وتیشی، “دەمەوێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆژەیاسایەک لە لیژنەی کاروباری دەرەوە ئامادەبکەم بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو دەسەڵاتە”.
لەهەمان کاتدا ئەندامانی ئەنجومەنی پیران-یش هەوڵ بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ دەدەن لە کۆشکی سپی-یەوە بۆ کۆنگرێس.
لە پاش ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی لە سوریا کە بەمدواییە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە بڕیاری لەسەردرا، ژمارەیەک لە نوێنەرانی هەردوو پارتی ئەمریکا لە 3ی ئەم مانگە پرۆژەیەکیان بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراق لە ساڵی 2003 و دەسەڵاتێکی دیکە لە ساڵی 1991دا خستەڕوو.
بەپێی دەستوری ئەمریکا ڕاگەیاندنی جەنگ لە دەسەڵاتی کۆنگرێس دایە نەک سەرۆک، بەڵام ئەم دەسەڵاتە گۆڕانی بەسەردا هات پاش بڕیاری کۆنگریس دەربارەی ڕێگەپێدان بە “بەکارهێنانی هێزی سەربازی” ئەوانەی لەکاتێکی دیاریکراودا بەڕێوەناچێت لەچوارچێوەی ژمارەیەک بڕیاری پەیوەندیدار بە عێراق و لە دەسەڵاتپێدانێکی دیکەدا کە ڕێگەیدا بە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی قاعیدە لەپاش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001.
لای خۆیەوە باربرا لی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، “دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی” زیاتر لە 40 جار بۆ هێرش بۆ سەر 19 وڵات بەکارهێنراوە و وتی، “کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم جەنگانە بهێنین کە کۆتایی نایەن”.