ئادار 24, 2021 22:18 Asia/Tehran
  • جەختی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و قەتەر لە سەر بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان

وەزیری دەرەوەی قەتەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی وێڕای پێداگرتن لە سەر ھۆگریی ھەردووک وڵات بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانیان، وتی : عێراق لە ئێستادا بووەتە تەوەرەی کێشمەنکێشی ناوچەیی.

«شێخ موحەممەد بن عەبدۆڕڕەحمان ئالی سانی» وەزیری دەرەوەی قەتەرو جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆمارو «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق و «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق دیدارو وتووێژی کرد.

«شێخ موحەممەد بن عەبدۆڕڕەحمان ئالی سانی» وەزیری دەرەوەی قەتەر لە ڕەوتی سەردانەکەی بۆ بەغداو کۆتایی ھاتنی وتووێژەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقی لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ «فۆئادحسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: لە ئێستادا ھەلێکی لەبار ب ھاکاری کردن لەگەڵ عێراق لە بواری جۆربەجۆردا ڕەخساوە، بە تایبەت ئەمەی کە ئەم وڵاتە ئێستاکە بووەتە تەوەرەی کێشمەنکێشی ناوچەیی.

وەزیری دەرەوەی قەتەر وتیشی: لە گەڵ کاربەدەستانی عێراق سەبارەت بە پەرە پێ دانی ھاوکاری و ڕێکخستنی زیاتری نێوان دوو وڵات و ھەروەھا پەیوەندیی وڵاتانی دیکەی دراوسێی عێراق لەمەڕ گەڕاندنەوەی ئەم وڵاتە بۆ جێگاوشوێنی جارانی لە جیھانی ئیسلام و عەرەب، ڕێککەوتووە.

ناوبراو ھیواداریی دەربڕی کە لە داھاتوویەکی نزیک دا کاربەدەستانی باڵای دوو وڵات بە مەبەستی پێ و شوێن گرتنی لێژنەی ھاوبەشی ھاوکاری چاویان بە یەکتر بکەوێت.

«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە ھەمان پرێس کۆنفرانسدا پەیوەندی لەگەڵ قەتەری بە باش نرخاندو کۆمپانیا قەتەرییەکانی بۆ سەرمایەنانەوە لە عێراق دا ھان دا.

وەزیری دەرەوەی قەتەر بە پێی بانگێشتنی ھاوتا عێراقییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە گەییشتە بەغدای پێتەختی عێراق.

سەرپەیڤ