ئادار 24, 2021 22:35 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق نامەیەکی دەستنووسی میری قەتەری ڕادەست دەکرێت

«بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق نامەیەکی دەستنووسی لە «شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەر پێگەیشت، کە تیای دا بە فەرمی بانگھێشتن کراوە بۆ سەردانی ئەو وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی شسەحەر بە گێڕانەوە لە بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری ، «بەرهەم ساڵح»، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە «شێخ محەمەد بن عەبدۆڕڕەحمان ئالی سانی»، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە ئامادەبونی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

لە چاوپێکەوتنەکەدا  سەبارەت بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و چۆنێتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و قەتەرو  دۆخی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆ کرا.

ھەر لە سەرەتای چاوپێکەوتەکەدا وەزیری دەرەوی قەتەر سڵاو و رێزی «شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی»، میری قەتەری گەیاندە سەرۆک کۆماری عێراق و، ھاوکات نامەیەکی دەستنووسی لە میری قەتەریشی ڕادەست کرد کە تیای دا بە فەرمی بانگھێشتی سەرۆک کۆماری عێراقر کرا بووە بۆ سەردانیکردنی وڵاتی قەتەر.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق  جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتیەکی گەورە لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ تێپەڕاندنی گرژی و قەیرانەکان لە رێگەی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانی کردن لە دیالۆگ و چارەسەریی سیاسی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان و کارکردن لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و بیری توندڕەوی و قۆستنەوەی دەرفەتی هاریکاریی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان.

لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەریش پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ کاری ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان دوپاتکردەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ھەروەھا جەختی کرد لە پابەندبونی وڵاتەکەی بە پشتیوانی کردن لە ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی هاریکاریی دووقۆڵی لە تەواوی بوارەکاندا.

سەرپەیڤ