نیسان 04, 2021 12:46 Asia/Tehran
  • لە ئەنجامی تەقینی گڕکانێک لە ئیتالیا ، شەپۆلێکی گازی ژەهراوی بەرەو ئاسمانی عێراق بەڕێوەیە

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی گازی دوانەئۆکسیدی گۆگرد لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەگاتە عێراق، دەشڵێت، گازەکە مەترسیدارە بۆ سەر چاو و کۆئەندامی هەناسە.

سادق عەتییە، پێشبینیکاری کەشوهەوای عێراقی و شارەزای کەشناسی لە فەیسبوکی خۆیەوە بڵاویکردەوە، بەپێی نەخشەکانی ژینگە، شەپۆلێکی گەورەی گازی دوانەئۆکسیدی گۆگرد (So2) ڕوو لە سوریا و دواتر عێراق و تورکیا دەکات.

گازەکە بەهۆی تەقینەوەی بورکانی ئیتنا لە دورگەی سقڵیەی ئیتاڵی دەرچووە، وەک ئەوەی عەتییە ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، گازی دوانەئۆکسیدی گۆگرد گازێکی ژەهراوییە (ئەگەر چڕییەکەی لە هەوادا زۆر ببێت)، بێ ڕەنگە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە، بەشێوەیەکی سروشتی لە (چالاکییەکانی بورکان، شیبوونەوەی مادە ئەندامییەکان، کێڵگەکانی نەوت، کارگە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا یاخود لە تاقیگەدا) دروستبکرێت.

ئەو شارەزایە هۆشداری ئەوەشدەدات، بوونی گازەکە لە هەوادا دەبێتە هۆی هەڵمژینی و بەمەش زیان بە چاو و کۆئەندامی هەناسە دەگەیەنێت، هەروەک دەشێت لە ئاودا بتوێتەوە و بەمەش بارانێکی زیانبەخشی بەدوادابێت.

ڕونیشیکردوەتەوە، شەپۆلەکە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دەگات بەڵام جێگیرنییە، ئەگەر جێگیربووایە هەڵمژینی زیاتر و زیانەکەی زۆرتر دەبوو.

سەرپەیڤ