پێنتاگۆن: بەیاننامەی ھاوبەش لەگەڵ عێراق دا بە واتای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی نیە
وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە:بەیاننامەی ھاوبەشی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق بە واتای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی نیە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی «ئەی پی تی ئێن»، «جان کربی» وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێران لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئایا بەیاننامەی ھاوبەشی عێراق و ئەمریکا بەم واتایەیە کە کاتی ئەوەیە ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکی ھەرچی زیاتر کەم بکرێتەوە، وتی: ئەوەی ئێمە لەم بەیاننامەیەدا بەدیمان کردووە پەسەند کرانی دووبارەی ھاوکاریمان لەگەڵ عێراقییەکان و ھەروەھا گرینگایەتیی ئەم ئەرکە دژی داعشە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا وتیشی: ھیچ ڕێککەوتنێک لە سەر بەروارێکی ڕێک و یان ژمارەیەکی دیاریی بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانمان نەکراوەو ئەم بەیاننامەیە تەنیا پەسەند کرانی دووبارەی ئەو شتەیە کە ئێمە لە بارەی ئەم ئەرکانەمان باوەڕمان پێیەتی.
ئەم بانگەشەیەی وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە «ئەحمەد سەحاف» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دوای کۆتایی ھاتنی وتووێژە ستراتژییەکانی بەغداو واشێنگتۆن جەختی کرد: خولی سێھەمی وتووێژی ستراتژیی نێوان واشێنگتۆن و بەغدا بە چڕ بوونەوە لە سەر پرسەکانی ئاسایشت، خەباتی دژی تیرۆریزم، ئابووری، وزە، کاروباری سیاسی و ھاوکاریگەلی پەروەردەیی و وەرزشی بەڕێوە چوو.
ئەوەشی ڕاگەیاند کە، بوونی ھێزەکانی ئەمریکی دوای ئەم وتووێژانە بە ڕاوێژ پێکردن و ڕاھێنان بەرتەسک دەبێتەوەو ھێزەکانی بیانی بە گوێرەی خشتەیەکی زەمەنیی دیاری کراو لە عێراق دا جێگیر دەبن.
«ئەحمەد سەحاف» جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەو ھێزانەی بیانی کە دەمێننەوە لە بنکەگەلێکی تەواو عێراق جێگیر دەبن و بەغداو واشێنگتۆن لە سەر نەبوونی ھێزی جەنگاوەری بیانی لە عێراق دا ڕێک کەوتوون.