حوزه‌یران 09, 2021 14:40 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بریتانیا کۆبووەوە

شەوی ڕابردوو «دۆمینیک ڕاب» وەزیری دەرەوەی بریتانیا گەییشتە بەغدای پێتەختی عێراق و لە لایەن «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیی لێ کرا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە،«بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ھەشتەمی حوزەیرانی ٢٠٢١ پێشوازیی کرد لە « دۆمینیک ڕاب» وەزیری دەرەوەی بریتانیاو رایگەیاند: پێداگرین لە سەر پێویستیی ھەماھەنگی بۆ ھێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و ھاریکاری بۆ بەگژداچونەوەی تیرۆر و گەندەڵی و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا.

لەو دیدارەدا کە «فوئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق و «بافڵ تاڵەبانی» ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ئامادەی بوون سەبارەت بە گرنگاسەتیی بەھێزکرانی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان عێراق و بریتانیا لە سەرجەم بوارەکاندا پێداگریی کرا.

ھاوکات جەختیش کرایەوە  لەسەر بەھێزکردنی هەماهەنگی بۆ بەگژداچونەوەی تیرۆر و گەندەڵیی ئیداری و دارایی و گێرانەوەی پارە و سامانی دزراوی عێراق و، ھەروەھا بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی ژینگە پەیوەست بە گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لەو بوارە گرنگەی  کە هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە کە عێراق رووەو پەیوەندییە هاوسەنگەکان ھەنگاودەنێت لەسەر بنەمای کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پشتیوانی کردن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و تەندروستی و ژینگە  کە سودی بۆ هەموان ھەیە.

ئینجا لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بریتانیاش پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و رۆڵی کارای عێراق لە ناوچەکە دوپاتکردەوە، ھەروەھا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی هاوئاهەنگی و ھاریکاری لەبوارەکانی ئابوری و رۆشنبیری و پاڵپشتی کردنی وەبەرهێنان و برەودان بەدەرفەتی گەشەپێدان و پێشکەوتن بۆ عێراق دەربڕی.

سەرپەیڤ