ساڵی 2021 ، نزیک بە 27 هەزار عێراقی داوای پەنابەرییان کردووە
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت" ئەمساڵ 26 هەزار و 972 کەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە".
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە گەشتە ئاسمانی و زەوینییەکان لە ساڵی 2020ـدا راگیران، رێژەی پەنابەری و کۆچبەری لە چاو ساڵانی رابردوودا زۆر دابەزی، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارەی بە دەستی ئێمە گەیشتووە 26 هەزار و 972 کەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە".
وتیشی" هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەشێکن لەو وڵاتانەی کە دیاردەی کۆچ تیایدا ڕەنگی داوەتەوە و ساڵانە سەدان و هەزاران گەنجی وڵات بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکە کۆچ دەکەن و بەهۆی سەختی ڕێگای کۆچەوە کۆچبەران ڕووبەڕووی مەترسی گەورە و چەندین جۆری تراژیدیا دەبنەوە کە بە کارەساتی دڵتەزێنی وەک مردن و بێسەروشوێنبوون کۆتایی دێت و بەشێکی زۆری ژمارەی ئەو قوربانیانەش بێبەش نین لە ژن و منداڵ".
وەک دەزگای لوتکە داواکارین لە کاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ئاوڕ لە بارودۆخی پەنابەران بدەنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران و هاوڵاتیانی ناوخۆی وڵات بدەن لە پێناو ڕێگریکردن لە دیاردەی کۆچ و لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگا لە دیپۆرت کردنەوەی زۆرەملێی ئەو پەنابەرانە بگیرێت کە بەهۆییەوە تووشی شکست و شڵەژانی دەروونی دەبنەوە.