ته‌مووز 24, 2021 16:11 Asia/Tehran
  • فوئاد حسێن: عێراق ناتوانێت رێگە لە هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر وڵاتەکەی بگرێت

فوئاد حوسێن دەڵێت، "وڵاتەکەی توانای نییە بە چەک ڕێگری لە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر خاکەکەی بکات"، ئاماژە بەوەشدەکات، "تورکیا دەڵێت هێرشەکانی بۆ "بەرگری لەخۆکردن"ە و دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە".

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، کە وەک شاندی عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە لە دیدارێکدا بە دەنگی ئەمریکای  وتووە، "عێراق بڕوای نییە بەهێز بەرامبەر هێزێکی تر راوەستێت و تواناشی نییە".

وتەکانی فوئاد حوسێن، کە وەزیرێکی کوردە، لە وەڵامی پرسیارێکدا هات لەسەر بۆمبارانەکانی تورکیا بۆ سەر ھێزەکانی پەکەکە کە زیانی گیانی و مادی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

لەو دیدارەەدا، فوئاد حوسێن وتی، "تورکیا رەزامەندی وڵاتەکەی وەرنەگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر پەکەکە"، دەشڵێت، "هیچ ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی نییە لە نێوان عێراق و تورکیادا کە ڕێگە بە تورکیا بدات بێتەژوورەوە".

فوئاد حوسێن لە قسەکانیدا لەسەر کێشەی دەیان ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا - کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە چل هەزار کەس کە زۆربەیان کورد بوون وتی، "ئێمە باسی کەی دەیکەین باسی ساڵی 1980. ئەمە دژی کێبووە؟ ئەو کاتە پەکەکە هەر نەبوو. پەکەکە وەکو تەنزیمی سیاسی هەبوو. پەکەکە شەڕی چەکداری لە ساڵی 1984 راگەیاند. ئەو کاتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێ بوو. ئەمە دژی کوردی عێراق بووە".

وەزیرە عێراقییەکە داوای لە تورکیا کرد واز لە ڕێگەی سەربازی بهێنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە، ئامانجی رەخنەکانی فوئاد حوسێن تەنیا تورکیا نەبوون. بەڵکو پەکەکەشی تۆمەتبار کرد کە "کێشە"ی بۆ عێراق وهەرێمی کوردستان دروستکردووە.

سەرپەیڤ