ته‌مووز 27, 2021 16:54 Asia/Tehran
  • پێشوازیی کۆتلە شێعەکانی عێراق لە ڕێککەوتنی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی

ھەردووک ھاوپەیمانیی «فەتح» و «نەسر» ، ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانی و ڕەوتی سەدری عێراق لە سەرکەوتوو بوونی تاقمی وتووێژکاری وڵاتەکەیان لەمەڕ ڕێککەوتن لەگەڵ واشێنگتۆن بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانی لە عێراق پێشوازییان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی سومریەنیوز، ھاوپەیمانیی «فەتح» بە ڕابەرایەتیی ھادی عامری لە بەیاننامەیەک دا سەرکەوتوو بوونی تاقمی وتووێژکاری عێراق لەمەڕ ڕێککەوتن لەگەڵ واشێنگتۆن بۆ کشاندنەوەی تۆکمەوتەواوی ھێزەکانی لە وڵات پێشوازیی کردو بە ھەنگاوێکی ئەرێنیی زانی لە ئاراستەی وەدی ھاتنی سەروەریی نیشتیمانیی عێراق و ھیوای خواست بەرپرسانی ھاوپەیوەند لە عێراق ڕاپەڕاندنی ئەم ڕێککەوتنە پێ و شوێن بگرن.

ھاوپەیمانیی «نەسر»ی عێراق بە سەرۆکایەتیی «حەیدەر عەبادی»ش بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک دەرەنجامی دانوستانەکەی نێوان عێراق و ئەمریکای بە سەرکەوتنێک لە بەرژەوەندیی گەل و دەستەڵاتی وڵات زانی و لە سەر ھاوپشتیی نیشتیمانی لە ھەمبەر کێشەگەورەکانی عێراق پێی داگرت.

ھەر لەم کاتەدا «عەممار حەکیم» ڕابەری حیکمەتی نیشتیمانیش ھەڵوێستی سەرۆک وەزیران و تاقمە دانوستانکارەکەی عێراقی لە واشێنگتۆندا بە سەرکەوتوو زانی و وتیشی: تاقمە دانوستانکارەکە بە پاڵپشتیی کۆتلە سیاسییەکان توانی وێڕای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی کشانەوەی تۆکمەوتەواوی ھێزەکانی ئەمریکی لە وڵات و بەردەوامیی ھاوکارییەکان لە بواری ڕاھێنان و ڕاوێژ و ھەواڵگریی نێوان دوو وڵات بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بگات.

«موقتەدا سەدر» ڕابەری ڕەوتی سەدری عێراقیش ڕایگەیاند: دوای ودی ھاتنی مەرجەکانی کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق دەبێ ئۆپراسیۆنی ھێزەکانی خۆڕاگری دژی لەشکریانی ئەمریکیش ڕاگیردرێت.

سەرپەیڤ