ته‌مووز 28, 2021 07:18 Asia/Tehran
  • «مستەفا کازمی» : بەردەوام دەبین لە گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و دەستەڵاتی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەی لەهەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەت بەردەوام دەبێت و لەئێستاشدا پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بە راهێنان و راوێژکاری بەرتەسک دەبێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی «مستەفا کازمی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تازەترین ھەڵوێستی خۆی دا لەپاش ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق ڕایگەیاند:حکومەتەکەی لەهەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەت بەردەوام دەبێت و  لەئێستاشدا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی نوێ و کۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەکشێننەوە و ئەرکیان بۆ راهێنان و راوێژکاری دەگۆڕێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچاوپێککەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە، گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا ئەنجامی کارکردنێکی درێژماوە بووە کە حکومەتەکەی بۆ داهاتوی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کاری لەسەرکردووە.

«مستەفا کازمی» لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەدا ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگترین دەستکەوتی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا بریتییە لەیەک دەنگی هێزە سیاسییەکانی عێراق و بەهۆیەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی نوێ، هەروەها لەئێستادا هێزە ئەمنییەکان توانای پاراستنی ئاسایش و سنورەکانی وڵاتیان هەیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، رۆڵی عێراق لەناوچەکەدا رۆڵێکی گرنگە و پەرەپێدانی گفتوگۆ لەناوچەکەدا دەبێتەهۆی بوونی ئاسایشی بەردەوام، لەم کاتەشدا حکومەت کار بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان دەکات.

جێگای ئاماژەیە «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق شەوی سێ شەممە چاوی بە «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوت و سەبارەت بە پرسە جۆربەجۆرەکان وتووێژی کرد و لە سەر کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق ھەتا ٣١ی دیسامبەر ڕێککەوتن.

سەرپەیڤ