ئاب 05, 2021 15:58 Asia/Tehran
  • ئێران بەنیازی کردنەوەی دوو بوارگەی تازەیە لەگەڵ عێراق دا

«عومەر وائیلی» سەرۆکی ڕێکخراوەی بوارگە سنوورییەکانی عێراق باسی داخوازیی بەرپرسانی ئێرانی کردووە بۆ کردنەوەی دوو بوارگەی سنووریی تازە لە نێوان ھەردووک دوو وڵات دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی عێراق، «عومەر وائیلی» سەرۆکی ڕێکخراوەی بوارگە سنوورییەکانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ پارێزگای ئیلامی ڕۆژئاوای ئێران چاوی بە پارێزگارو کاربەدەستانی گومرگی ئێران کەوت و لە دیدارەکەدا جەختی لە ئاڵووێری بازرگانیی نێوان دوو وڵات کردەوەو پرسی ھەڵگیرانی لەمپەرەکانی ئێستاو ھەروەھا توندکرانەوەی چاودێری بە مەبەستی پێشگرتن بە چوونی کەل و پەلی قەدەغە بۆ عێراقی لە ئاراستەی ھێزمەند کرانی وەبەرھێنانی نێوخۆی ئەو وڵاتە تاوتوێ کرد.

لە دیدارەکەدا ھەروەھا ھەردووک لا لە سەر پێویستیی ڕەچاوکرڕدنی ڕێنماییە تەندروستییەکان پێیان داگرت و لایەنی عێراقی داوای گوێزرانەوەی ناوەندەکانی ئاڵووێری کاڵای ھاوردەی ئێرانی بۆ نێو خاکی خۆی کرد بە مەبەستی ڕەخساندنی ھەلی ئیش و کار بۆ شارومەندانی عێراقی.

لە بەرامبەردا لایەنی ئێرانیش لە دیدارەکەدا لە سەر پێویستیی کرانەوەی دوو بوارگەی سنووریی تازە لە پارێزگای ئیلام لەگەڵ پارێزگاکانی واسیت و میسانی عێراق پێی داگرت.

ھەردووک لا لە دیدارەکەدا لە سەر گرینگایەتیی پەرەپێ دانی ھاوکاری لە ئاراستەی ھێزمەند کردنی بەرژەوەندیی ھاوبەش و پشتگری لە ئاڵووێری بازرگانیی دوولایەنە جەختیان کرد.

سەرپەیڤ