ئاب 14, 2021 07:52 Asia/Tehran
  • حەکیم: کاتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق گەییشتووە

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق جەختی کرد: کاتی ئەوە گەییشتووە کە ببینە وڵاتێک بە سەروەریی تۆکمەوتەواوی خاکەوە کە ھیچ ھێزێکی بیانی و لە ھەمووشی گرینگتر لەشکریانی ئەمریکیی تیادا نەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید عەممار حەکیم» ڕۆژی ھەینی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستپێکی مانگی موحەڕڕەم لە بەغدا وتی: ناکرێ سیاسەتێکی دەرەکیت ھەبێت کە لەگەڵ سیاسەتی نێوخۆیی وڵات دا یەک نەگرێتەوە. نامانەوێ پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لە سەر بنەمای شەرمنی و لە ئاستی گرتنی چەند وێنەیەکی یادگاری بێت، ئێمە پەیوەندییەکمان دەوێت کە لە سەر بنەمای ئەوبەرایەتییەکانی بەرژەوەندیمان بێت.

حەکیم لە درێژەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر چارەسەریی کێشەو نالکۆکییە ناوچەیەکان، وتیشی: زۆرێک لە بابەتە ناوچەییەکان بە بێ چارەسەری ماونەتەوە کە لە ھەموویان گرینگتر کێشەی ئاوی ھاوبەشەو ئێمە پێویستمان بە میکانیزمی دیپلۆماسیی کاریگەرو بڕیاری سیاسیی بوێرانەیە.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانی جەختی لەوەش کردەوە کە، دەبێ مشت و مڕ لە سەر دامەزراوە ئاسایشتییەکانی وڵات و بوختان کردن بۆ تەواوی ھێزەکانی ئەمەگدار بە عێراق لە تەواوی لقەکانی ھێزەچەکدارەکان و بە تایبەت حەشدی شەعبی کۆتایی پێ بێت و بەرنگاری ھەر کەس و لایەنێک بینەوە کە  دەستەڵاتی حکومەت دەکاتە ئامانج و بەدەر لە چوارچێوەی حکومەت چەکی بەدەستەوەیە.

حەکیم پێشی داگرت: ھەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەو جیھان جێگای ڕێزو ستایشە. ئەم ھەوڵانە بوونەتە ھۆی ئەوەی کە عێراق ببێتە مەیدانی لێک گەیین و ڕێککەوتن و وتووێژی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، نەک گۆڕەپانی تۆڵەسەندنەوەو پێکدادانی ماڵوێرانکەر.

سەرپەیڤ