سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر بۆ ھەڵبژاردن پێشوازیی کرد
«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: پێشوازیی لەبڕیارەکەی رەوتی سەدر دەکەن بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەرو داواش دەکەن هەمووان بەشدارییەکی بەرفراوانیان ھەبێت لە هەڵبژاردنەکان بە مەبەستی بەدی ھاتنی گۆڕانکاری.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق: «مستەفا کازمی» لەهەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند: پێشوازی لە گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر دەکەین بۆ بەشداری کردنی لە هەڵبژاردن.
«کازمی» وێڕای ستایش کردنی سەرجەم ئەو لایەن و سەرکردە سیاسییانەی هەوڵیان دا بۆ گەڕاندنەوەی ڕەوتی سەدر، وتیشی: داوای هەڵوێستی هاوشێوە لەوانەش دەکەین ھەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە. بەهیوای بەشدارییەکی بەرفراوانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانین لە هەڵبژاردندا لە ئاراستەی بەدی ھێنانی گۆڕانکاری
جێگای ئاماژەیە «موقتەدا سەدر» ڕابەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا گەڕانەوەی رەوتەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق ئاشکراکرد و رایگەیاند، لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە نامەیەکی واژۆکراوی بەدەست گەییشتووە بەناوی بەڵێننامەی کارکردنی پێکەوەیی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ئەوەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی. بەم پێیە بڕیاریان داوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن ئەویش لەپێناوی رزگارکردنی عێراق لە "گەندەڵی و داگیرکاری، هەرچەندە هەندێک کەسیش گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە نێو هەڵبژاردن.