وەزیری دەرەوەی ئێران گەییشتە بەغدا
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە بەغدای پێتەختی عێراق.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئیرنا، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە فڕگەی بەغدا لە لایەن «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق، کاربەدەستانی عێراقی و «ئیرەج مەسجیدی» باڵوێزی ئێران لە بەغدا پێشوازیی لێ کرا.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» بڕیارە لە یەکەم گەشتی دەرەوەیی خۆی دا بەشداریی کۆبوونەوەی «ھاوکاری و ھاوبەشیی عێراق» بکات.
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرلە سەردانەکەی بەغدای ڕایگەیاند بوو:ئێمە لە ھەرچەشنە دەستپێشخەرییەکی ناوچەیی کاربەدەستانی کۆماری عێراق کە بە ھاوبەشیی خەڵکی ناوچەکە بێت،پێشوازیی دەکەین.
«ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» جەختی لەوەش کردبووەەوە کە، ئێمە لەو باوەڕەداین کە وای ھەڵدەگرت بانگێشتنی سووریاش کرابایە وەکو دراوسێیەکی گرینگی عێراق بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا. ھەڵبەت دیارە لە پەیوەندی لەگەڵ ئاسایشت و گەشەی پاوەجێیی ناوچەکە لە گەڵ سەرکردایەتیی سووریا لە پەیوەندی و ڕاوێژداین و لە بارەی کۆبوونەوەکانی بەغداو پێداگری لە سەر ڕۆڵی گرینگی وڵاتانی ناوچەکە پەیوەست بە ھەرچەشنە دەستپێشخەرییەکی ناوچەیی لە گەڵ دیمەشق دا بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕاوێژ دەکەین.
کۆبوونەوەی «ھاوکاری و ھاوبەشیی عێراق» وەکو بەشێک لە ھەوڵەکانی «مستەفا کازمی» بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و جێ و شوێنی ئەم وڵاتە لە ناوچەکەدا بەرپا دەکرێت.