حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان: ئێران پشتیوانی ئاسایشت، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی سەرزەوینی عێراقە
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: تاران پشتیوانی ئاسایشت، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی سەرزەوینی عێراقە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی پشتگری لە عێراق وتیشی: عێراقی تازە لە ئێستادا پێویستی بە بنیاتنانەوەو چاک کردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکانە و ئەم دانیشتنە بە ئامادە بوونی وڵاتانی ناوچەکە، دەربڕی ھەوڵی کۆماری عێراقە لە پێکھێنانی بەستێنی ھاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکەو بە ھیوام لە سای ئەم دانیشتانە بتوانین بگەینە ناوچەیەکی ئاوەدان و پێشکەوتەو گەشەکردووی ئازاد.
وتیشی: عێراق تازەی ڕزگار بوو لە تیرۆریزم، ئەمڕۆ پێویستی بە بووژاندنەوەی نێوخۆیی و پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی لە ناوچەکەدایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران وێرای داکۆکی کردن لە سەقام، ئاسایشت، سەربەخۆیی، سەروەری، سەربەرزی و دەستەڵات و بەرز کردنەەی جێ و شوێنی ناوچەیی و نێونەتەوەیی عێراق، ئامادەیی خۆی بۆ گەشە پێدانی ھاوکارییە دو قۆڵی وناوچەییەکان ڕادەگەیەنێت.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوڵەت و گەلی عێراق و ئەوەی وا پەیوەستە بە بڕیارەکانیەوە لە بواری کاروباری نێوخۆیی لەوانە کشانەوەی ھێزی بیانی و بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پشتگری و داکۆکیی خۆی ڕادەگەیەنێت و ھەمیسان لە ڕۆڵی کارای ئەم وڵاتە لەمەڕ برەو پێدانی کلتووری دانوستان و ھاریکاریی ناوچەیی پێشوازی دەکات و ھاوکارییە نێوخۆییەکانی ناوچەکە بە بنەمای وەدی ھاتنی سەقام و ئاشت دەزانێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ناوچەکەی ئێمە ھەموو پێوەرێکی دینی،ڕۆشنبیری، شارستانیەت و بارستایی ماددی و مەعنەویی بۆ ھاریکاری و ھاوپشتیی ناوچەیی ھەیە. بەڵام بەداخەوە لە بەر دەستوەردانی بیانییەکان و زاڵ بوونی ھزری ئاسایشتی، توشی گرفتی جۆربەجۆر بووە، لەوانە شەڕو ناپاوەجێیی و ناھێمنی.
جەختی لەوەش کردەوە ،ئەوەی وا ئەمڕۆکە زیاتر پێویستمان پێیەتی ئاسایشتی پاوەجێی ناوچەکەیە بە ھاوبەشیی وڵاتانی ناوچەکە کە وەدی ھاتنی لە گرێوی بەکارھێنانی سەرچاوە ئابوورییەکانە بۆ وەدی ھێنانی ھاوپەیمانی لە ئاراستەی دابین کرانی ئاشتی و گەشە.