بەرپرسی سەرەکیی تەقینەوەکەی کەڕادەی بەغدا دەسگیر کرا
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسی تەقینەوەکەی ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدای راگەیاند، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس کوژران و بریندار بوون.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە توویتێکدا رایگەیاند: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر تاوانی تەقینەوە خوێناوییەکەی ناوچەی کەڕادە، هێزەکانیان دوای گەڕان و بەدواداچوونێکی هەواڵگریی ئاڵۆز لە دەرەوەی عێراقدا، غەزوان زەوبەعی ناسراو بە (ئەبو عوبیدەی بەغدا)یان دەستگیرکردووە، کە بەرپرس بووە لەو تەقینەوەیە و تاوانی دیکە.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، لێپرسینەوەکردن لەگەڵ ئەوانەی دەستیان لە رژاندنی خوێنی عێراقییەکان هەیە، ئەرکێکی نیشتمانییە و دەستبەرداری نابن.
رۆژی یەکشەممە 3/7/2016، کە هاوکات بوو لەگەڵ 28ی مانگی رەمەزان، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا، زیاتر لە 300 کەس کوژران و 250ی دیکە بریندار بوون.