رۆکێتێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا درا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ناوچەی سەوزی بەغدا کە بارەگای سەرۆکایەتییەکانی عێراق، وەزارەتەکان و زۆرینەی باڵیۆزخانەی وڵاتانی تێدایە، لەرێگەی دوو موشەکەوە بەئامانج گیرا و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوو موشەک لەرێگەی سیستەمی سیرامەوە تێکشکێنراون کە ناوچەی سەوزیان بەئاماج گرتووە، یەکێک لە موشەکەکانیش لەنزیک گۆڕەپانی ئاهەنگەکان کەوتەخوارەوە و زیان بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتووە".
ئەوەش هاتووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو شوێنەی موشەکەکەی لێوە ئاڕاستەکراوە.
هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، یەکێک لە موشەکەکان لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق کەوتووەتەخوارەوە و موشەکی دووەمیش لەنزیک گۆڕەپانی ئاهەنگەکان کەوتەخوارەوە کە 500 مەتر لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دوورە.
لەماوەی چەند مانگی رابردودا دەیان جار لەرێگەی موشەک و درۆنەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بەئامانج گیراون.
زۆر لە خەڵک و گروپە عیراقیەکان خوازیاری کشانەوەی ھێزە ئەمریکیەکان لە عێراقن .