دوو تەقینەوە لە بەغدا بانکەکانی "کوردستان" و "جیهان"یان کردە ئامانج
کانونی دوھەم 17, 2022 17:27 Asia/Tehran
دوو تەقینەوە لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا روویاندا و بەپێی زانیارییەکان، بانکەکانی "کوردستان" و "جیهان" کراونەتە ئامانج و چەند کەسێک بریندار بوون.
سەرچاوەکانی هەواڵی عیراقی بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو دوو تەقینەوە لە ناوچە کەڕادەی بەغدا روویانداوە و بەهۆیانەوە چەند کەسێک بریندار بوون و زیانی مادیش بەر شوێنەکە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش گەیشتووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، هەردوو تەقینەوەکە بانکەکانی "کوردستان" و "جیهان"یان کردووەتە ئامانج و بریندارەکانیش پاسەوانەکانی ئەو بانکانەن.
لای خۆشیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان لە تەقینەوەکەدا کردووە کە بە بۆمبی دەنگی ئەنجام دراون و زانیارییان لە بەردەستدایە، ئەنجامدەرانی ئاشکرا دەکەن و سزا دەدرێن، ئەوانەش ئاشکرا دەکرێن کە لە پشت ئەو کارەوە بوون.