کانونی دوھەم 19, 2022 08:07 Asia/Tehran
  • ئه‌مریکا دوو پارچه‌ شوێنه‌واری راده‌ستی عێراق کردەوە

«ئه‌حمه‌د سه‌حاف» وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕۆژی سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ئه‌مریکا دو پارچه‌ شوێنه‌واری راده‌ستی عێراق کردوه‌ته‌وه‌ که‌ مێژوه‌که‌یان بۆ زیاتر له‌ چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

«ئه‌حمه‌د سه‌حاف» له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، کونسوڵی گشتی عێراق له‌ شاری لۆس ئه‌نجلێس به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی نیشتمانی ئه‌مه‌ریکا دو پارچه‌ شوێنه‌واری وه‌رگرتوه‌ که‌ مێژووه‌که‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ چوارھەزار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، یه‌کێک له‌ پارچه‌ شوێنه‌واریه‌کان ده‌ستنوسێکی بزماریه‌ و پێشتر له‌شاری ئور هه‌بوه‌، پارچه‌ی دوه‌میشیان بڵاوکراوه‌یه‌کی زۆر ده‌گمه‌نی بزماریه‌ له‌ شاری بابلی کۆن هه‌بوه‌، هه‌ردو پارچه‌ شوێنه‌واریه‌که‌ له‌جیهاندا وێنه‌یان نییه‌ و وه‌ک ئامرازێکی فێرکردن به‌کارهێندراون. 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ گرنگه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌واریانه‌یە که‌ له‌ ئه‌مریکا بون و ئێستا وه‌رده‌گیرێنه‌وه‌ له‌کاتێکدا پێشتر بازرگانیان پێوه‌کراوه‌ و بردراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. 

«ئه‌حمه‌د سه‌حاف» باسی له‌وه‌شکرد، رێوشوێنه‌ پێویسته‌کان له‌ڕێگه‌ی کونسوڵخانه‌ی عێراق له‌ لۆس ئه‌نجلێس ده‌گیرێنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ عێراق، بڕیاریشه‌ 20ی ئه‌م مانگه‌ مه‌راسیمی تایبه‌ت له‌باره‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌واریانه‌ بکرێت.

سەرپەیڤ