ھێرش کرایە سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
درەنگانێکی شەوی سێ شەممە لە سەر چوار شەممە بە موشەک ھێرش کرایە سەر شوێنی مانەوەی «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی تازەی عێراق.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق ،شەوی سێ شەممە لە سەر چوارشەممە بە سێ موشەک هێرش کرایەسەر شوێنی مانەوەی «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەناوچەی «ئەلکەرامە»ی شاری «فەللوجە» لە پارێزگای ئەنبار، کە لە ئەنجامی ئەم ھێرشە دوو کەس بریندار بوونە.
لەم پەیوەندییەدا شەوی ڕابردوو شانەی راگەیاندنی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە، لە رێگای سێ موشەکەوە شوێنی مانەوەی «موحەممەد حەلبوسی»، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە قەزای «ئەلکەرامە» کرایە ئامانج، بەجۆرێک کە موشەکی یەکەم لەنزیک بینای شارەوانیی قەزاکە کەوتووەتەخوارەوە. وەک باسی دەکرێت، موشەکی دووھەم و سێھەم لەناوچەی «رەشاد» کەوتنەخوارەوە و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوونە.
ئەمە بۆ یەکەم جار نییە کە لە ماوەی ئەم دواییەدا شوێنە ھەستیارەکان و بە تایبەت بنکەو بارەگای کۆتلەکانی عێراق لە بەغدای پێتەخت و شوێنانی دیکە دەکرێنە ئامانج.