کانونی دوھەم 31, 2022 14:18 Asia/Tehran
  • خۆپێشاندانی رەتکردنەوەی هۆشیار زێباری لە بەغدا

لە بەغدا، خۆپیشاندان دژی کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو، داوا لە دادگای فیدراڵی کرا لەوبارەیەوە ئەرکی خۆی جێبەجێبکات.

 

 

بەشێک لە عێراقییەکان بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی زێباری وەکو کاندید بۆ سەرۆک کۆمار، بەیانی ئەمڕۆ لە بەغدای پایتەختی عێراق، خۆپیشاندان و ناڕەزارەتی دژی هۆشیار زێباری بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی گەندەڵیی لەسەرە، بەڵام پارتی کاندیدی کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

خۆپیشاندەران لەبەردەم دادگای فیدراڵیدا گردبوونەوە، دروشمیان دژی زێباری بەرزکربووەوە، بەوەی گەندەڵە و شایەنی ئەوە نییە بکرێتە سەرۆک کۆماری عێراق.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، شوێنی گەندەڵکاران زیندانە، نەک کۆشکی کۆماری، بۆیە داوایان لە دادگای فیدراڵی کرد، بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت.

ئەوە یەکەمجار نییە لە بەغدا خۆپیشاندان دژی کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت.

زێباری، کاتێک لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی وەزیری دارایی بوو، لە ساڵی 2016 و بەهۆی بوونی چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە متمانەی لێسەندرایەوە و نێردرایەوە هەولێر.

سەرپەیڤ