شوبات 17, 2022 10:21 Asia/Tehran
  • کارا بوونی ڕۆڵی عێراق لە ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی تاوتوێ کرا

سەرۆک وەزیرانی عێراق و یاریدەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی ڕێگاکانی پەرە پێ دانی ھاوکاری و ھاوبەشیی عێراقیان لەگەڵ ئەم دامەزراوە ناوچەییەدا تاوتوێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی عێراق «واع»، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ «یوسف بن موحەممەد زەبیعی» یاریدەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی و شاندەکەی یاوەری لە سەر گرینگایەتیی ئەو ڕێگاو میکانیزمانەی ھاوکاری کە ئەم ڕێکخراوەیە بەڕێوەبەرایەتیی دەکات، پێیان داگرت.

نووسینگەی میدیایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم بارەیەوە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: لەم دیدارەدا لە بارەی کاراکردنی ڕۆڵی عێراق وەکو دەوڵەتێکی دامەزرێنەرو ئەندامی ڕێکخراوەکە وتووێژ کرا ھەتا لەم ڕێگایەوە ئاستی ھاوکاری و ھاوبەشیی بەغدا لە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بەرز بکرێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بە پێ و شوێن گیرانی کرانەوەی نووسینگەیەکی ناوچەیی بۆ ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، باسی ئەوەش کراوە کە ھاوبەشیی زیاتری عێراق لە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە وەکو ڕێگایەک لە ئاراستەی ھێزمەند کردنی ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە پێکھێنانی دۆستایەتی لە نێوان دەوڵەتەکانی ئەندام چاوی لێ دەکرێت.

سەرپەیڤ