ئادار 10, 2022 20:24 Asia/Tehran
  • ٤٠ کەس بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق خۆیانیان پاڵاوتووە

جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: ھەتا ئێستا ٤٠ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق پاڵاوتووەو دوای وردبینیکردنی ناوەکانیان دەستەی سەرۆکایەتی بەرواری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاری دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «شاخەوان عەبدوڵا»، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمەراسیمی رۆژی جلی کوردی لە کەرکوک بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمارەتی کۆتایی پێ هاتووە و ٤٠ کەس خۆیانیان پاڵاوتووە.

ئاشکراشی کرد، دوای تەواوبوونی رێکارەکانی وردبینی کردنی ناوی کاندیدەکان و ناردنی بۆ لایەنە فەرمییەکانی (دەستپاکی، تاوان، دادپەروەری) ناوەکانیان بەشێوەی فەرمی رادەگەیەندرێت و دەستەی سەرۆکایەتی بەروارێک بۆ هەڵبژاردنی دیاری دەکات.

هاوکات سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش رایگەیاند، پێویستە پارێزگاری شارەکە کەسێکی پاک بێت و لەخەڵکە رەسەنەکەی شارەکە بێت، ئەوەی لەماوەی رابردودا روی داوە بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی شارەکە و ئەمەش چیدی بەردەوام نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ لایەنەکانی شارەکە دەست بە گفتوگۆ دەکەین بۆ دانانی کەسێک لەجێگەی راکان جبوری و هیچ رێکەوتنێک نییە بۆ ئەوەی ناوبراو لە پۆستەکەی دا بمێنێتەوە.

سەرپەیڤ