ئادار 11, 2022 22:37 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی سەدرو چوار چێوەی ھەماھەنگی لە سەر ناساندنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق

زانیارییە سەرەتاییەکان دەربڕی ڕێککەوتنی «موقتەدا سەدر» ڕابەری ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شێعەکانی عێراقن لە مەڕ دیاری کردنی «موحەممەد جەعفەر موحەممەد سەدر»ی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانی عێراق ڕۆژی هەینی بە ماڵپەڕی  «بەغدا ئەلیەوم»ی راگەیاند: رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیدا کراوە لەسەر کاندید کردنی «موحەممەد جەعفەر موحەممەد سەدر»ی کوڕەمامی «موقتەدا سەدر» بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئاماژە بەوەش کراوە کە، دوای کۆبونەوەکەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، «نوری مالیکی» سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پەیوەندی بە «موقتەدا سەدر»ەوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی دەکەن بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان و یەکخستنی ناو ماڵی شیعەکان.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئامادەیی دەربڕیوە کە تاوتوێی هەمو سیناریۆ و ناوەکان بکەن و ئەوان هێڵی سوریان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نابێت، بەڵام دوای پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لەلایەن شیعەکانەوە، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر کاندیدکردنی «موحەممەد جەعفەر موحەممەد سەدر» بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بکەن.

جێگای ئاماژەیە «موحەممەد جەعفەر موحەممەد سەدر» لە ئێستادا باڵوێزی عێراقە لە لەندەن و سبەینێ شەممە چوارچێوەی ھەماھەنگیی شێعەکانی عێراق بۆ تاوتوێ کردنی زیاتری پرسی کاندید کردنەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە کۆ دەبێتەوە.

سەرپەیڤ