ئادار 11, 2022 23:20 Asia/Tehran
  • پەیامی ماڵئاوایی مستەفا کازمی

«مستەفا کازمی» : لە ماوەی دەستەڵاتم دا کەمتەرخەمیم لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانم و خزمەتکردنی گەلی عێراق نەکردووە.

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی دیاری کرانی کاندیدی تازە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، «مستەفا کازمی» لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توییتەر کە زیاتر بۆن و بەرامەی پەیامی ماڵئاوایی لێ دەکرێت، ڕایگەیاندووە: ئەو ئەرکەی بۆی دیاریکراوە لە خزمەتکردنی گەلی عێراق ڕایپەڕاندووەو کەمتەرخەمی و سازشی لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکان نەکردووە.

«مستەفا کازمی» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،بەرژەوەندیی خۆمان پێش بەرژەوەندیی گەلەکەمان نەخستووە و دانابەزیوین ھەتا ئاستی موزایەدە.

کازمی باس لە کارەکانی کابینەکەشی کردووەو وتوویەتی: وڵاتمان گەیاندە هەڵبژاردنێکی ئازادی بێگەرد، سەرەڕای هەموو ئاڵنگاریە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بە ئارامی و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە بنەماکانی تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەکانمان بۆ حکومەتی داهاتوو بونیادناوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە، ڕووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵکاران بووینەوە، عێراقمان لە بێ دەوڵەتی ڕزگارکردو بەئازایەتیی هێزە ئەمنییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکان شانە نوستووەکانی تیرۆریستانمان لەناوبرد.

سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێرڕاق ئینجا ڕوو لە لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ بەرپرسن لە پاراستنی ڕێڕەوی نیشتیمانی لە چوارچێوەی کۆتایی پێ هێنانی ئەو بنبەستە سیاسیەی وڵات پێی گەیشتووە،  بەرپرسن لە پێکهێنانی حکومەتێک کە بە گوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و نیشتمان بپارێزێت و بەرگری بکات لە یەک پارچەیی خاکەکەی و چارەنووسی.

جێگای ئاماژەیە ھەواڵەکان لە ئێستادا دەربڕی ئەوەن کە «موقتەدا سەدر»ی ڕابەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی ھەینی «موحەممەد جەعفەر موحەممەد سەدر» باڵوێزی عێراق لە لەندەنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کاندید کرد.

سەرپەیڤ