لەسەر ھێرشەکانی تورکیا ، فراکسیۆنی یەکیەتی داوای ھەڵوێستی پەرلەمانی عێراق دەکات
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی لەشکرکێشی ئەمجارەی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و بەپێویستی دەزانێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستی هەبێت.
ەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکرایەوە”سوپای تورکیا لەوەرزی سەرما و سۆڵە بە فڕۆکە و تۆپخانە بۆردومان دەکات، لەوەرزی گەرماشدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان ئەنجام دەدات لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەئاشکرا سەروەریی عێراق پێشێل دەکات”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”هەموو جارێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، کە بەبیانووی پەلاماردانی چەکدارانی «گەریلا» پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامی دەدات زیانی گیانی و ماڵی لە گوندنیشینان و دانیشتووی ناوچە سنورییەکان دەگەیەنێت”.
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی بەپێویستی دەزانێت،”ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستی هەبێت و لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان ڕەوانەی ئەو ناوچە سنورییانە بکات و حکومەتی عێراقیش هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ئیدانە کردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەری عێراق”.