May 01, 2022 19:26 Asia/Tehran
  • ئەگەری دەستێوەردانی ئەنجومەنی ئاسایش لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق

ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕاپۆرتێک دا جەختی کردووە ئەگەری هەیە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکات بە گفتوگۆ کێشەی پێکهێنانی حکومەتی ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی مانگی نیسانی 2022 ی خۆی سەبارەت بە عێراق، لە درێژەی هەندێک کێشە و دژایەتی ناوخۆیی لەو وڵاتە نیگەرانی دەربڕی. بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە گرینگترین پرس و کێشەکانی ئێستای ئەو وڵاتە، بێ ئەنجام بوونی هەوڵی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕاگەیێندراوە.

لە ڕوانگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەو سەرنەکەوتنە، دژایەتی دوو بەرەی سیاسی سەرەکی عێراق لەسەر شێوەی پێکهێنانی حکومەتە.

ئەنجومەنی ئاسایش پێی وایە کە ئەو کێشانە پێدەچێ  ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ئەو وڵاتە.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایش دا ئاماژە کراوەتە سەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و حوکمی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر نایاسایی بوونی چالاکیی نەوتیی  حکومەتی هەرێم و لێکەوتەکانی، وەکوو هۆکارەکانی ئاڵۆزی و شڵەژاویی دۆخی عێراق.

سەرپەیڤ