پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەستپێشخەرییەکەی «موقتەدا سەدر» پەسەند دەکەن
هاوپەیمانی «عێراقی سەربەخۆ» کە لە ١٥ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق پێکهاتووە دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری پەسەندکرد و رایگەیاند: حەوتەی داهاتوو کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ سەرجەم پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ئەنجام دەدات بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان،هاوپەیمانیی «عێراقی سەربەخۆ» کە لەلایەن پەرلەمانتار «عەبدولهادی ئەلحەسناوی» سەرۆکایەتیی دەکرێت لەراگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە، هاوپەیمانییەکەیان دەستپێشخەرییەکەی «موقتەدا سەدر»ی رابەری رەوتی سەدری پەسەندکردووە لە مەڕ پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی لەلایەن فراکسیۆنی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانەوە، ئەوەش بەئامانجی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەستکردن بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پەسەندکردنی دەستپێشخەرییەکە لە روانگەی بڕوا بوونە بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و دەرچوون لە چەقبەستویی سیاسی بەمەبەستی رێزگرتن لە وادە دەستورییەکان.
لای خۆیەوە «حەسەن خەفاجی» پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەپەرلەمانی عێراقیش رایگەیاندوە، حەوتەی داهاتوو پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەبارەی هەردو دەستپێشخەرییەکەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبنەوە و هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەردوو دەستپێشخەرییەکە ئاشکرادەکەن، سەرەڕای ئەوەی باوەڕی وایە دابەشبونێکی زۆر هەیە لەنێوان پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کە ئەوەش دەبێتە ئاستەنگی بەردەم پێکهێنانی یەک فراکسیۆنی هاوبەش لەنێوانیادا.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ڕابردوو «موقتەدا سەدر»ی رابەری رەوتی سەدر دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راگەیاند و مۆڵەتی ١٥ رۆژی دایە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەک پێکبهێنن و بەپشتیوانیی «هاوپەیمانیی رزگاری نیشیمان» حکومەت پێک بێنن.