May 13, 2022 10:15 Asia/Tehran
  • نوری مالیکی: پەرلەمانی ئێستا متمانەی بە وەزیرەکانی دەوڵەتی ئێستا نەداوە ھەتا لێیان بستێنێتەوە

«نوری مالیکی» سه‌رۆکی ھاوپەیمانیی ده‌وڵه‌تی یاسای عێراق رایگه‌یاند: پەرلەمانی ئێستا متمانەی بە وەزیرەکانی دەوڵەتی ئێستا نەداوە ھەتا بتوانێ لێیان بستێنێتەوەو دیارە ئەمەش سەرپێچی کردنی ئاشکرای یاسایە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر، «نوری مالیکی» سه‌رۆکی ھاوپەیمانیی ده‌وڵه‌تی یاسای عێراق له‌ تویتێکدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی رایگه‌یاندووە: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌نیازه‌ بانگهێشتی ژماره‌یه‌ک له‌وه‌زیره‌کانی کابینه‌که‌ی «مسته‌فا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیران بکات و متمانه‌یان لێ بستێنێتەوەو ھاوکات متمانه‌ به‌وه‌زیری نوێش ببه‌خشێت، کە دیارە ئه‌مه‌ش سه‌رپێچی کردنی ئاشکرای یاسایه‌، چونکه‌ په‌رله‌مانی ئێستا متمانه‌ی به‌و حکومه‌ته‌ نه‌داوه‌ ھەتا لێی بستێنێتەوە.

«نوری مالیکی» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، ئەمەی کە پەرلەمانتارانی ئێستا به‌نیازن ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیره‌کانی حکومه‌ت که‌ ماوه‌که‌ی به‌سه‌رچووه‌، بانگهێشت بکەن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بدەن و متمانه‌یان لێ بستێننەوەو له‌هه‌مان کاتیشدا متمانه‌ به‌ ژماره‌یه‌ک وه‌زیری نوێ ببەخشێت بە دڵنیاییەوە لەگەڵ دەقی یاسای وڵات دا یەک ناگرێتەوە.

ناوبراو راشیگه‌یاندووه‌: ئه‌و هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت سه‌رپێچییه‌کی ئاشکرای یاسایه‌، چونکه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی ئێستا ده‌نگی به‌ پێکهێنانی حکومه‌تی ئێستا نه‌داوه‌ تا ئێستا بانگهێشتی بکات به‌مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌.

وتەکانی سه‌رۆکی ھاوپەیمانیی ده‌وڵه‌تی یاسای عێراق دوای ئەوە دێت کە ژماره‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانتارانی کوتله‌ جیاجیاکان رایانگه‌یاندووە، چه‌ند وه‌زیرێک بانگهێشت ده‌که‌ن به‌مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی وشکه‌ساڵی و ئاماده‌کارییه‌کانی حکومه‌ت بۆ به‌هاناوه‌چوونی که‌رتی کشتوکاڵی.

سەرپەیڤ