May 16, 2022 06:58 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی عێراق دەستپێشخەریەکیان راگەیاند

پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دەستپێشخەرییەکیان بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستای عیراق راگەیاند.

 

پەرلەمانتارە سەرخۆکانی پەرلەمانی عیراق لە کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا ئەوەشیان خستەروو، پشنیازی پێکهێنانی کابینەیەکی حکومەت دەکەن کە بتوانێت چاکسازی ئەنجام بدات و رووبەرووی گەندەڵی ببێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بە میدیاکانی حزبه‌که‌ی راگه‌یاندبوو: "نوێترین پێشھاتی رەوشی عیراق پێشنیازی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە و لە چەند کاتژمێری داھاتوودا پێشنیازی خۆیان دەخەنە بەردەم لایەنە عێراقییەکان".

ئه‌وه‌شی وتبوو: "پڕۆژەکەیان بۆ گەیشتنی چوارچێوەی ھەماھەنگی و رزگاری نیشتمانی بە رێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراقەوه‌، بڕیاره‌ پێشنیازی دیکەش لە چەند رۆژی داھاتوودا هه‌بن".

 هاوکات  شەوی رابردوو موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند: گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە مێژووی عیراق پێکهێناوە، کە بوه‌تە هۆی تێپەڕاندنی پشک پشکێنە و بۆ ئەوەش پشتی بەخۆی بەستووە نەک لایەنی دەرەکی.

ئاماژەی بەوەکردووە، "لەسەر هەمان بۆچوونی (حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی) پێویستە بژاردەی (ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی) تاقی بکەینەوە، بۆ ماوەیەک، کە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەکات".

جەختیشی کردوه‌تەوە، "ئەگەر لایەنەکان و کوتلە پەڕلەمانیەکان بەوانەشەوە، کە هاوپەیمانمان بوون توانیان لەو ماوەیەدا حکومەت پێکبهێنن بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکانی خەڵک، ئەوە بۆ ئەوان و بەپێچەوانەشەوە بڕیاری دیکە دەدەین لەو کاتەدا".

سەدر، بارزانی و  حەلبوسی، وەک سێ براوەی یەکەمی شیعە و کورد و سوننە هاوپەیمانی (رزگاری نیشتمانی)یان راگەیاند، بەڵام جگە لە هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی، وەک سەرۆکی پەرلەمان، نەیانتوانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن و سەرۆک وەزیرانیش لە پەرلەمانەوە دیاری بکەن.

 

سەرپەیڤ