فراکسیۆنی سەدر پەیوەستی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانیی بوو
رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق پەیوەستبوونی بە"ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی" راگەیاند و داوای لە فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانیی کرد حکومەتی نوێ پێکبهێنن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیسنا، موقتەدا سەدر، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تویتەر بە ئاماژە بەوەی کە سەرکەوتوو نەبووە لە پێکهێنانی "حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی"، نووسی: "تاکە ڕێگای بەردەم ئێمە پەیوەستبوون بە ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانییە لانیکەم بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ.
موقتەدا سەدر گوتیشی: ئەگەر لەم ماوەیەدا فراکسیۆن و لیژنە پەرلەمانییەکان سەرکەوتوو بن لە پێکهێنانی حکومەت، ئەوە زۆر باشە، بە پێچەوانەوە بڕیارێکی دیکە دەدرێت و لە کاتی خۆیدا ڕایدەگەیەنین.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا فراکسیۆنی سەدری عێراق لە کۆی 329 کورسی پەرلەمانی 73 کورسی بەدەستهێنا، راستە لەم هەڵبژاردنەدا فراکسیۆنی سەدر زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو کورسیانە بەشی پێکهێنانی حکومەت ناکەن و دەبێت لەگەڵ گروپە سیاسیە سەرکەوتووەکانی دیکە، هاوپەیمانیی دروست بکەن .