ئێران و عێراق تاووتوێی کێشەی خۆڵبارینیان کرد
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە عەلی سەلاجقە، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران کرد و هەردوولا تاوتوێی شەپۆلی خۆڵبارین و ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایان کرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا (29ی ئایاری 2022) لە بەغدا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران وتی، "چەند بابەتێکمان تاوتوێ کرد لەگەڵ شاندی عێراقی، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سەرەتایەکی باش بوو بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەبارەى شەپۆلەکانی خۆڵبارین."
وتیشی، "ئێران و عێراق ئەزموونیان هەیە لە سەقامگیرکردنی تۆپەڵە خۆڵی و لمییەکان."
عەلی سەلاجقە وتیشی، "بەمزوانە وەزیری وزە سەردانی عێراق دەکات لەبارەى زۆربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین."
هاوکات فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، "تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوامان کرد، هەروەها دۆسیەی ئاو و ئیدارەدانی لەلایەن عێراق و ئێرانەوە گەنگەشەکرا."
دەشڵێت، "شاندی هەردوولا چەند سەردانێک دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دۆسیەی ئاو."